Taxikamrater! هاوڕێیانی بەڕێزی تاکسیئاژۆ!
Taxi. Kort om dina rättigheter som taxiförare - på kurdiska. کورتەیەک لەسەر مافەکانی ئێوە
. تێگەیشتن لە ڕێسا نوێیەکانی یارمەتیدان ئەویش بە زمانی سویدی زۆر زەحمەتە.
دەبێ چ بکەم کاتێ مووچەم نەدرێتێ؟ چۆن ژیانی خۆم و خێزانم ڕاپەڕێنم؟ وەک کەسێکی بێکار چ یارمەتییەکەم دەدرێتێ؟ سندووقی بیمەی بێکاری چۆناوچۆنە؟ کار لێسەندنەوەی کاتی و کاری کورتماوە چین؟
لێرەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە بە شێوەیەکی ساکار بدەینەوە.
زانیاریی زیاتر و بەستەرە گرنگەکان لە سەر ماڵپەڕی www.transportarbetaren.se دەست دەکەون.
بێت و مووچە نەیەت:
- ڕاستەوخۆ پێوەندی بە خاوەنکارەکەتەوە بگرە! باشترە هەر ئەو ڕۆژە بیکەیت. ڕەنگە سەرۆکەکەت بڵێ پارەکەت دێ بەڵام هەندێ دواتر. لێرەدا تەنیا کاتێک دەبێ بڵێی باشە، کە مووچەکەت هەر تاقەڕۆژێک دوا دەکەوێت. ڕۆژێكی کاری بانکی. واتا لە ئەپریلدا دەبێتە دووشەممە ٢٧ی مانگ. ئەمە گرنگە! لەوانەیە ئەگەر بڵێی باشە چاوەڕێ دەبم، پارە لە دەست بدەیت.
- ئەو کاغەزانەی بەڵگەن لە سەر ئەوەی تۆ مافی وەرگرتنی مووچەت هەیە، ئامادە بکە. بۆ نموونە بەڵگەی تەعینبوون (واتا ئەو ڕێککەوتننامەیەی نیشان دەدات تۆ بۆ ئەم خاوەنکارە کار دەکەیت). یا زانیارینامەی مووچە، بەڵگە لەسەر وەرگرتنی ئەو مووچە مانگانەیەی پێشتر وەرت گرتووە.
- ئەگەر ئەندامی سەندیکایت: پێوەندی بە ترانسپۆرت، بەشی شوێنی کارەکەت بکە: transport.se/
ئەگەر مەترسیی ئەوەت هەیە کارەکەت لە دەست بدەیت:
وریاییدران بە دەرکران لە کار، بە مانای ئەوە نییە ئیدی لە کار دەرکراویت. ئەمە تەنیا وریاییدانە لە سەر ئەوەی ڕەنگە وەها شتێک ڕوو بدات. کاتێ خاوەنکار لە کار جوابت دەکات:
- لە کار دەرکردن دەبێ بە نووسراوە بێت. هەر بەوەندە نابێی کە پێت بگوترێ وا ئیدی کارەکە نەماوە.
- داوا لە خاوەنکار بکە بەڵگەت بداتێ. کاغەزێک لە سەر ئەوەی ساڵی هەرەدوایی چەندەت کار کردووە (چەند سەعات لە مانگدا). خاوەنکار دەبێ ئەم بەڵگەیەت بۆ بنووسێ! تۆش دەبێ ئەم بەڵگەیەت پێ بێ تا بتوانیت لە سندووقی بیمەی بێکاری (ئا ـ کەسسا) پارە وەربگریت.
- ئەوە مافی خۆتە لە ماوەی وریاییدانیشدا مووچە وەربگریت. جارێ تا کاتی هەڵوەشانەوەی پەیمانەکەت، کات ماوە.
ئەوەی ماوەی هەڵوەشانەوەی پەیمانی کار چەند دەخایێنێ، دەتوانێ زۆر جیاواز بێت. پێوەندی بەوەوە هەیە چەندەت لەم شەریکەیەدا کار کردبێت. ئەگەر گەلێ ساڵ کارت کردبێ ئەوا ڕەنگە شەش مانگیش بخایێنێ. کەمترین ماوە، مانگێکە. تۆ دەبێ لەم ماوەیەدا مووچەت بدرێتێ، تەنانەت ئەگەر پێویست نەکات لە سەر کاریش بیت!
ئەگەر بە مایەپووچیی شەریکەکەتەوە تووش بوویت
شەریکەی تاکسی دەتوانێ بە داوای خۆسازکردنەوە، خۆ لە مایەپووچی دوور خاتەوە. بەو مانایە کە خاوەنی شەریکە ئەم چانسەی دەبێت کە چالاکیی شەریکەکەی بەردەوام بکات و بەم جۆرە هەندێ لە کارمەندانیشی لە سەر کار بهێڵێتەوە.
ئەگەر ئەو شەریکەیەی کاری بۆ دەکەیت مایەپووچ هاتەوە و ئیتر نەیتوانی قەرەزەکانی بداتەوە، ئەوا:
- وای دابنێ کە تۆ دەتوانی بە ردەوام بیت و کار بکەیت، ئەگەر هێشتا پەیمانەکەت هەڵنەوەشێنراوەتەوە.
- ئەو بەڵگانە کۆ کەرەوە کە نیشان دەدات شەریکەکە چەندەت پێ قەرزدارە (دەبێ بە مووچە بتدرێتێ).
لە کاتی مایەپووچیدا ئەمە ئاساییە کە کارمەندان مووچە وەرنەگرن. بۆیەش گەرەنتییەک هەیە. دەوڵەت دەبێ ئەو مووچانە بدات کە پێویستە وەریانگریت. زۆر جار ئەوە نوێنەری دەوڵەت و بەڕێوەبەری کاروباری مایەپووچین کە پەیمانی کار هەڵدەوەشێننەوە.
- تۆ لە ماوەی هەڵوەشێنرانەوەی پەیمانی کاردا، بۆت هەیە مووچەی ئاسایی خۆت وەربگریت.
- هەر ئەو رۆژەی لە سەر کار نەمای و پەیمانی کارەکەت هەڵوەشێنرایەوە، خۆت ناونووس بکە لە لای دایرەی کاردۆزی! ئاسانترە بە ڕێی ئینترنێت ئەم کارە بکەیت. ئەویش لە سەر ماڵپەڕی دایرەی کاردۆزی (arbetsformedlingen.se). ئیتر هیچ پێویست ناکات بچیتە بیرۆکەیان.
ڕەنگە ماوەیەک چاوەڕوانی ئەو پارەیە بیت کە لە لایەن گەرەنتیی مووچەوە دەتدرێتێ. هەندێ جار زۆر زوو دەدرێت، زۆر جارانیش لەوانەیە لانی کەم سێ هەفتە بخایێنێ.
پەیمانی گشتی (کۆللێکتیڤ ئاڤتال)ت هەیە؟
ئەگەر لە شەریکەیەکدا کار دەکەیت کە پەیمانی گشتیی هەیە، ئەوا لانی کەم مافی گەرەنتیی مووچەت هەیە. ئەمە هەموو کارمەندانی شەریکەکە دەگرێتەوە، بۆ نموونە تاکسی ستۆکهۆڵم و هەموو ئەو شەریکە تاکسییانەی لە ژێر چەتری ئەودا کار دەکەن.
بە بێ پەیمانی گشتی (کۆللێکتیڤ ئاڤتال) کار دەکەیت؟
لە لای دایرەی کاردۆزی خۆت ناونووس بکە! هەروەها پێوەندی بە سندووقی بیمەی بێکاریشەوە بکە. ئەگەر بە بێ گەرەنتیی مووچە، کارمەند بوویت و ئێستا هیچ پارەیەک وەرناگریت، بارودۆخی خۆتیان بۆ ڕوون بکەرەوە.
کۆمەک لە سەندیکاوە
بۆ ئەوەی بریکارانی سەندیکای ترانسپۆرت بتوانن یارمەتیت بدەن ئەوا دەبێ ئەندام بیت لە یەکێتیی کارمەندانی ترانسپۆرتی سوید (Svenska Transportarbetareförbundet) دا. ئەگەر تۆ پێشتر و بەر لەوەی ئەم گرفتە دەست پێ بکات، ئەندام نەبوویت، ئەوا بریکارانی شوێنی کارەکە خۆیان دەزانن کە ئاخۆ کات و دەرفەتی ئەوەیان دەبێ یارمەتیت بدەن یان نا. لێرەدا ئەوە هەر تۆ نیت پرسیارت هەیە. گەلێ کەس پێویستییان بە ڕاوێژ و یارمەتیی سەندیکا هەیە. ئەمەش بەداخەوە بەم مانایەیە کە هەر ئێستا زۆر کات دەبات تا وەڵام وەردەگریتەوە. (www.transport.se).
سندووقی بیمەی بێکاری (ئاـ کەسسا)
حوکوومەت بڕیاری داوە وەرگرتنی کۆمەک لە سندووقی بیمەی بێکاری ئاسانتر بکرێتەوە. بۆ دریژەی ساڵی ٢٠٢٠ هەر تەنیا سێ مانگ لە گەڵ ئاـ کەسسا بوون بەسە بۆ ئەوەی مافی وەرگرتنی کۆمەکت لەم سندووقەوە هەبێت. ئەوەی بڕی پارەکە چەندە، پێوەندی بەوەوە هەیە کە چەندت کار کردووە و لەم ماوەیەدا چەندت وەرگرتووە. زۆرترین بڕی ئەم پارەیە ١٢٠٠ کرۆنە لە ڕۆژدا.
ئەو کەسەش بۆ ماوەیەکی درێژ ئەندامی سندووقی بیمەی بێکاری نەبووە، یا خود زۆر کەمی کار کردووە، ئاستی هەرەنزمی کۆمەکەکە وەردەگرێ. نزیکەی ٨٠٠٠ کرۆن لە مانگدا.
مووچەبەتاڵیی یەکەم ڕۆژ (کارێنس داگ)، ئێستا هەڵگیراوە: تۆ کە مافی وەرگرتنی کۆمەک لە سندووقی بیمەی بێکاریت هەیە، ئەوا لە یەکەم ڕۆژی بێکاربوون و خۆناساندنت بە دایرەی کاردۆزییەوە، پارە وەردەگریت. بۆ ئەو کەسەی خۆی خاوەنی شەریکەیە، زۆر ئاسانترە کۆمەکی سندووقی بیمەی بێکاری وەربگرێت. تۆ دەکرێ شەریکەکەت بخەوێنی (جارێ کاری پێ نەکەیت). ئەگەر تاکسی لێدەخوڕیت، ئەوا سندووقی بێمەی بێکاریی ترانسپۆرت هەیە. ئەوانەی لەوێ کار دەکەن زانستی زۆریان هەیە لە سەر هەلومەرجەکانی تۆ و هاوکارانی تری بەشی ترانسپۆرت. ماڵپەڕی سندووقی بیمەی بێکاریی ترانسپۆرت زانیاریی پێویستی بە دوو زمانی سویدی و ئینگلیزی داناوە (www.transportakassa.se).
ئا ـ کەسسا ئەگەر خۆت واز لە کار بهێنیت
زۆربەی ئەوانەی بە شێوەی دەڵاڵانە (provision) تاکسی لێدەخوڕن لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بە پێی پرەنسیپ هیچ داهاتێکیان نەبووە.
تۆ دەتوانی خۆت واز لەم کارە بهێنیت و مافی وەرگرتنی کۆمەک لە سندووقی بیمەی بێکاریشت هەبێت. لەم ناوەدا گرفت ئەوەیە کە ماوەیەک بۆ بێبەریبوون لە کۆمەک (avstängningstid) لە بەر چاو گیراوە. واتا ئەوەی خۆی واز لە کار دەهێنێ بە شێوەی ئاسایی ٤٥ ڕۆژ لە وەرگرتنی کۆمەک بێبەری دەکرێت و ٩ هەفتەی تەواو، پارەی قەرەبووی نادرێتێ.
بەم حاڵەشەوە چانسی ئەوە هەیە کە لەم ماوە درێژەشدا بێ قەرەبوو نەبێت:
تۆ کە مووچەکەت بە تەواوی لە سەر شێوازی دەڵاڵانە دەدرێتێ، هۆکاری جێبڕوات هەیە کە خۆت واز لە کارەکە بهێنیت ئەگەر لە ماوەی سێ هەفتەی کاری تەواووەختدا هیچ مووچەیەکت وەرنەگرتبێ.
- بۆ ئەوەی پارە لە سندووقی بێمەی بێکاری وەرگریت پێویستە زانیارینامەی مووچەی کۆن ، واتا کاغەز لەسەر ئەو مووچەیەی پێشتر وەرت گرتووە نیشان بدەیت.
ئەمە هەڵبەت ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە گەرەنتیی مووچەیان هەیە. ئەو کات تەنیا هەر ٤٥ ڕۆژ بێبەریبوون لە کۆمەکی سندووقی بیمەی بێکاری دەگرێتەوە.
کارلێسەندنەوەی کورتماوە / کاری کورتماوە
لە ڕۆژی ٧ ی ئەپریلەوە خاوەنشەریکەکان دەتوانن داوای کارلێسەندنەوەی کاتیی کارمەندانیان بکەن. بەو مانایەیە کە ئەوەی کار دەکات لە ماڵەوە دەبێت بەڵام مووچەی خۆی وەردەگرێت.
لێرەدا حوکوومەت بڕیاری داوە کە دەوڵەت پارەی پشتگیری بدات تا ئەوەندەی دەکرێ شەریکە و کار، ڕزگار بکرێن. بەمە دەگوترێ کارلێسەندنەوەی کورتماوە. کاری کورتماوەش وشەیەکی ترە هەر بۆ هەمان شت.
خاوەنکار بۆی هەیە لانی زۆر ٦٠ لەسەدی کاری کارمەندانی بسەنێتەوە، کەوابێ تۆ دەتوانی پاشماوەکەی لەسەر کار بیت. ئەو کەسەی کارەکەی لێدەسەنرێتەوە بۆی هەیە ٩٢،٥ لەسەدی مووچەی ئاسایی خۆی وەربگرێت. (لە ڕۆژی یەکی مانگی مایەوە بۆ سێ مانگ، خاوەنکار دەتوانێ بە ڕێژەی ٨٠ لەسەد کار لە کارمەندانی بسەنێتەوە. ئەو کات ئەو کارمەندەی کارەکەی لێ سەنراوەتەوە ٨٨ لەسەدی مووچەکەی وەردەگرێت.)
ترانسپۆرت ئیزن ناداتە خاوەنکار کە هەم کار لە کارمەندان بسێنێتەوە، هەم هاوکاتیش وریایی دەرکرانیان بداتێ. ئەگەر وریایی دەرکرانت دراوەتێ ناتوانی هاوکات لە ماڵەوەش بیت و لە ماوەی هەڵوەشێنرانەوەی پەیمانەکەتدا کارەکەت لێ سەنرابێتەوە.
وریایی لە سەر تەزویرکردن!
هەندێ شەریکە بۆ کارلێسەندنەوەی کورتماوە و بۆ ئەوەی پارە لە دەوڵەت وەربگرن هەوڵی تەزویرکردن دەدەن. کارمەند ناچار کراوە قەبووڵی کارلێسەندنەوەی خۆی بکات هەرچەند بەردەوامیش کاری تەواووەخت دەکات. خاوەنکار هەڕەشەی لە کارمەندانی کردووە کە بێت و ئەمە قەبووڵ نەکەن ئەوا دەریان دەکات. ئەمەش بە تەواوی هەڵەیە!
ئەمە دەستبڕی و ساختەکارییە. بێت و خاوەنی شەریکە کەشف بکرێت ئەوا سزا دەدرێت. لەم کاتانەدا دەزگای گەشەی شەریکەکانی سوید (tillväxtverket) کە ئەرکی چاودێری بە سەر کارلێسەندنەوەی کورتماوەشی بە ئەستۆوەیە شکایەت لە سەر گومانی ئەم ساختەکارییانە لە لای پۆلیس تۆمار دەکات.
- ئەگەر وەک شۆفیر تووشی ئەم ساختەکارییە بوویت: پێوەندی بە بەشی خۆت لە ترانسپۆرت بکە تا ڕاوێژت بدرێتێ. ئەوانەی ئەندامیش نین هەر دەتوانن پێوەندی بەم سەندیکایەوە بکەن. ئەمە باشە کە ترانسپۆرت زانیاریی لەسەر ساختەکاری هەبێت. هەروەها دەکرێ ڕاپۆرتی ئەم ساختەکارییە بە شێوەی ڕاستەوخۆش بدرێتە دەزگای گەشەی شەریکەکان.
لە خراپترین حاڵەتدا
کۆمەکی بژیو دوا ڕێگەچارەیە. تۆ دەبێ سەرەتا بۆ پارەوەرگرتن لە سندووقی بیمەی بێکاری، ڕێگەچارەکانی ترت تاقی کردبێتەوە. ئەگەر کارت نییە ئەوا دەتوانی لە لای دایرەی کاردۆزی خۆت ناونووس بکەیت.
- تۆ لەو کۆمۆنەی تێیدا ناونووس کراویت داوای یارمەتیی پارە لە بەشی سوسیال دەکەیت. سوسیال دەتوانێ بۆ خواردن و کرێماڵی بەشێکی خەڵک بە شێوەی ئورژانس پارە دابین بکات.
کۆمەکی بژیو یا خود سوسیالبیدراگ، وەک یارمەتییەکی کاتی لە بەر چاو گیراوە. ئیدی تۆ پێویست بەوە ناکات ئوتومبیل یا خانووەکەت بفرۆشیت تا بۆ ماوەیەکی کورت یارمەتیت پێ بدرێت.